هه‌واڵی به‌په‌له‌: بانگەوازی مێژوویی لە ڕێبەر ئاپۆوە

کۆنگرەی ستار: دژی داگیرکاری تێکۆشان بەرز دەکەینەوە

ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دژی داگیرکاری و هێرشە جینۆسایدییەکانی دەوڵەتی تورک بانگەوازی بەرزکردنەوەی تێکۆشانی کرد.

ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر کانتۆنی عەفرین-شەهبا بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، شەڕ، ئاڵۆزی و پشێوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی کۆمەڵگا و گەلان بەتایبەتی ژنان و منداڵان هەیە.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە پێشهاتەکانی حەڵەب و هەڵوەشانەوەی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر کانتۆنی عەفرین – شەهبا کراوە و باس لەوەش کراوە کە دۆخەکە دەرئەنجامی چارەسەر نەکردنی دۆخی ناوخۆیی بە رێبازی سیاسی سوریا و جیبەجێ نەکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ـە و هتد. وەها بەردەوام بوو: "شتێکی تر کە دۆخەکەی بەم ئاستە گەیاندووە، خودی حکومەتی دیمەشقە. دیمەشق دیالۆگ قبوڵ ناکات و وەڵامی داواکارییەکانی چارەسەری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی نەداوەتەوە، بەپێچەوانەوە ڕێگەی بۆ جینۆسایدێکی دیکە کردۆتەوە."

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە لەم دۆخەی سوریا دەوڵەتی داگیرکەری تورک سوودمەند بووە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی ستەمکاری، گۆڕانی دیمۆگرافی بۆ بەدیهاتنی میساقی میللی لە دۆخی ئێستا سوود وەردەگرێت. بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی، چارەسەری دیموکراتیک لاواز دەکات و هەوڵ دەدات دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و شۆڕشی ژنان لەناو ببات و بەرخۆدانی کورد، عەرەب، ئاشووری، ئەرمەنی و نەتەوەکانی دیکە وتورکمەن نەهێڵێت."

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەبەرامبەر ئەو شەڕ و ململانێانەدا، وەک گەلانی ناوچەکە، بەتایبەتی وەکو ژن، پێویستە خۆمان بەڕێکخستن و خۆمان بپارێزین، هەروەها بە پێی ستراتیژی شەڕی شۆڕشگێڕی گەل هەنگاو بنێن و  پەرە بە خۆپاراستنمان بدەین، گەل و خاکەکەمان و بەها کۆمەڵایەتیەکان بپارێزن. بە باوەڕی بە نرخی ژیانی ئازاد وبە کەرامەت لە هەموو ئاستێکدا بەرخۆدان و تێکۆشین بەرز بکەینەوە."