لە حەسەکە ئۆپەراسیۆن لەدژی چەتەکانی داعش ئەنجامدرا کە پلانی هێرشی تیرۆریستیان داڕشتبوو

هیزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە شاری حەسەکە هەڵیانکوتایە سەر گروپێکی چەتەکانی داعش کە سەرقاڵی داڕشتنی پلانی هێرشی تیرۆریستی بوون و لە ئەنجامدا چەتەیەک کوژرا، چەتەیەک بریندار بوو و ٤ چەتەش دەستگیرکران.

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی:"دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانمانەوە زانیاری گەیشت کە شانەیەکی تیرۆریستی سەر بە داعش لە دێرەزۆر پلانی هێرش کردنە سەر زیندانی سینای حەسەکەیان هەیە، هێزەکانی هات بە پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیان بە لێکۆلینەوە کرد و شوێنی شانە شاراوەکەی داعشیان لە هەرێمی مەکەمەن و ئەبو خەشاب لە دێرەزۆر ئاشکرا کرد و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دژی چەتەکان ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدرا.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "لەنێوان هێزەکانی هات و چەتەکاندا شەڕێکی قورس روویدا و لە ئەنجامدا چەتەیەک کوژرا و چەتەیەک بریندار بوو و ٤ چەتەش دەستگیرکران. هەروەها دەست بەسەر ئۆتۆمبێڵێکی تۆیۆتا و ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە جۆری کیا ٤٠٠٠د و ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیدا گیرا.

بەپێی راگەیەنراوەکدا دەست بەسەر ئەم کەلوپەلانەدا گیراوە:-

کلاشینکوف: ٢٧ دانە

بی کەی سی: ٢ دانە

ئار پی جی: ١ دانە

٤٢ گولە ئار پی جی

٣٠ حەشوەی ئار پی جی

١١ مین

٦٢ نارنجۆک

٣٥ رەختی سەربازی

٥١ جانتای ئاو

٣ سندوقی بی کەی سی

٦ هەزار و ٥٥ گولەی کڵاشینکوف

٤ هەزار و ٩٦٠ گولەی بی کەسی سی

١٩٥ مەخزەنی کڵاشینکۆف

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "ئێمە وەک فەرماندەی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی جزیر گەلەکەمان دڵنیا دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان بۆ ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بەردەوام دەبێت و هێزەکانمان لە بەرانبەر هەرجۆرە کردەوەیەکی تیرۆریستی دەوەستنەوە . دەبینە قەڵغان بۆ گەل و وڵاتمان."

ف.ق