پەیەدە لەبارەی هێرشەکەی دەوڵەتی تورک لە قامشلۆ ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) لەبارەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە بەرانبەر ئۆتۆمبێڵێک لە قامشلۆ کە لە ئەنجامیدا ٣ کەس شەهید بوون ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:-

"تاوانێکی دیکە لە تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەدژی خەڵکی مەدەنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاد بوو. دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هێرشەکانی لەدژی هەرێمەکانی بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەموو یاساکانی نێودەوڵەتی و پەیمانەکان پێشێل دەکات.

ئەمڕۆ ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، لە کاتژمێرەکانی ئێوارەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک لە گەڕەکی هلێلی قامشلۆ ئۆتۆمبێڵێکی مەدەنی بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا ٣ هاوڵاتی مەدەنەی شەهید بوون.

ئێمە وەک ئەنجومەنی گشتی پەیەدە داوا لە لایەنە نێودەوڵەتیەکانی گەرەنتۆر دەکەین کە سنورێک بۆ تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەدژی هاوڵاتیانی مەدەنی دابنێن. هەروەها بانگەوازیمان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەوەیە کە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک کە لە چوارجیوەی تاوانی قڕکردن لەدژی گەلی کورد و گەلانی دیکەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدرێن، شەرمەزار بکەن.

لەلایەکی دیکەوە داوا لە گەلی خۆمان و هەموو هێزە دیموکراتەکان دەکەین کە لەدژی هێرشی داگیرکەری و پێشێلکاریەکانی فاشیزمی تورک لە چوارچێوەی پاراستنی رەوادا لە تەنیشت قەسەدە جێی خۆیان بگرن."

ف.ق