بەنداوى بێخمە کلیلى چارەسەرى قەیرانى ئاو لە عێڕاق و هەرێمى کوردستان

سەرباری ئەوەی بەنداوی بێخمە بە کلیلی چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو لە عێراق و هەرێم دادەدنرێت، بەڵام بە چەند هۆکارێکی دەرەکی و ناوخۆیی چەند دەیەیە بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پڕۆژەیە پەکخراوە.

لە ئێستادا پرسى گەرمى ڕۆژ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەتایبەت لە عێڕاق سامانى ئاوە... ڕێڕو و ئاڕاستەى مەترسییەکانى سەر ئەو سامانە هێندە خێران لەهێلى سور نزیک دەبێتەوە، نیشانە مەترسیدارەکانى سەر ئەو سامانە گرنگە بە ئاشکرا دەرکەوتوون و دڵەڕاوکێیەکى گەورەیان ناوەتەوە لە ناوچەکەدا وەک دەوترێت شەڕى ئەم سەدەیە لەسەر ئاوە.

نەفرەتى ژینگە یاخود بێ ئاوى  لە دەرگاى عێراقى داوە، مەترسی و پریشکى زیانەکانیشى بەر هەرێمى کوردستان دەکەوێت، کۆچ و گۆڕینى دیمۆگرافیا وەک دوو مەترسیدارترین فاکتەرى ئەو قەیرانە دادەنرێت، کە هەرێمى کوردستان زیانمەندى سەرەکى دەبێت لەو قەیرانانە.

ئەگەرچى بە بۆچوونى شارەزایان، هەرێم و عێراق رێگا چارەى گونجاویان لەبەردەستەو پیان وایە تەواوکردنى کارەکانى بەنداوى بێخمە دەبێتە کلیلى چارەسەرى قەیرانەکە،  بەڵام پێدەچێت ئەمجارەش داگیرکەرانى خاکى کوردستان بە پاڵپشتى لایەنى ناوخۆیی، چارەسەرەکان بەدەردى پرسى سەربەخۆى کورد و سامانى نەوتى بەرن.

مێژوو هۆکارەکانى تەواو نەکردنى کارەکانى بەنداوى بێخمە

ئەگەر چیی لەسییەکانى سەدەى ڕابردوودا، و لە ساڵى ١٩٣٧ ڕووپێوی دروستکردنی بەنداوی بێخمە کراوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٥٣ لەلایەن دەستەیەکی شارەزا لە ئەندازیارانی کۆمپانیای ئەندازیاری ھزرا (ئێم دەبڵیوو ئێچ)ی ئەمریکی دەستکرا بە توێژینەوە و ھەڵسەنگاندنی سیفاتی جیۆلۆجیی خاکەکەی و ڕادەی شیاوی ئەو ناوچەیە بۆ دروستکردنی بەنداوەکە و دواتر لە ساڵی (١٩٧٩) کۆمپانیایەکی ژاپۆنی کاری پشکنین و جیۆلۆجی و روپێوی زەوییەکەى دوبارەکردەوە و  دیزاینى بۆ ئەنجامدرا، دواتر قۆناغى یەکەمى پرۆژەکە درا بەهەردوو کۆمپانیاى ئەنکاى تورکى و هایدرۆگرافینیاى یوگسلافى  و لە سەدا 35 بۆ سەدا 45 ى قۆناغى یەکەمى کارى بەنداوەکە تەواوبوو بەڵام لە حوزەیرانى 1991  و بەهۆى شەڕى دووەمى کەنداو و ڕاپەڕینى گەلى باشوورى کوردستان کارکردن لە بەنداوەکە وەستا.

هەرچەندە لەدواى ڕووخانى ڕژێمى سەدام چەند جارێک هەوڵدرا کارەکانى بەنداوە کۆتایی پێبهێنن و بۆ ئەو مەبەستەش لە ساڵى ٢٠٠٥ بڕى ٣ ملیار دۆلار و ساڵى ٢٠٠٧ بڕى تێچووەکەى بەرزکرایەوە بۆ پێنج ملیار دۆلار بەڵام  بەهۆکارى سیاسى و دور لەهەموو ئاستەنگێکى تەکنیکى نەهێڵرا کارەکانى بەنداوەکە تەواو بکرێت

مەبەست و تواناى بەنداوى بێخمە

بەنداوى بێخمە دەکەوێتە سەر زێی گەورە لە ناحیەى خەلیفان بەدوورى ٥٠ کیلۆمەتر لە شارى هەولێرەوە، سەرچاوەى ئاوى بەنداوەکە (٥٨%) لەخاکى کوردستان و (٤٢%) لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت، بەرزى بەنداوەکە (٢٣٠) مەتر بەرزە و درێژییەکەشى (٤٨٠) مەترە. تواناى گلدانەوەى ئاوى بە قەبارەی (١٧)کیلۆمەتری سێجایە، کە ڕووبەری ڕووەکەی دەگەیشتە ١٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە.

سێ ئەوەندەى بەنداوی دوکان و شەش ئەوەندەى بەنداوی دەربەندیخان و ئەوەندەو نیوێك بەرانبەر بە بەنداوى موسڵە، ئامانج لە دروست کردنی بەنداوەکە بەرهەمهێنانی (١٥٠٠)مێگاوات کارەبا و ڕێکخستن و ڕێگری لە دروست بوونی لافاو بوو، تواناى بەرهەهێنانى کارەباى دەکاتە نیوەى ئەو بڕە کارەبایەیی هەرێم پێویستى پێیەتى.

لەئێستادا هیچ بەنداوێک لە عێراق توانای گلدانەوەی ئەو بڕە ئاوەیان نیە، هەرێمی کوردستان بە هەرسێ بەنداوی دهۆک ودەربەندیخان و دوکان توانای گلدانەوەی (٧بۆ٨) ملیارمتر سێجایان هەیە، لەکاتێکدا هەرێم پێویستی بە (١٠)ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەنداوی بێخمە توانای گلدانەوەی ۱۷ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە کە بەهۆیەوە ۱ ملیۆن دۆنم زەوی بەراو دەکات جگە لەوەی ناوچەکەی دەکردە شوێنێکی گەشتیاری دڵگیر.

چارەنووسى بەنداوى بێخمە دواى ڕاپەڕین

تاڵەبانیو بارزانی سەوداو مامەڵەی بەنداوی بێخمەیان لەگەڵ عومەر ئاغای برای حوسێن ئاغا كرد، بە بەهای دوو ملیۆن دیناری سویسری بەرامبەر بەبەهاى ١٧٥ ملیۆن دۆلار فرۆشتیانە عومەر ئاغای برای حوسێن ئاغا. عومەر ئاغاش هەمووی ئاودیوی ئێران كردو حەفت ملیۆن دیناری سویسری دەست کەوت. واتا لەو مامەڵەیەدا عومەر ئاغا پێنج ملیۆن دیناری سویسری قازانج كرد.

ئێران مەبەستى ئەو کەرەست و ئامێرە پێشکەوتووانە دەست بخات کە لەبێخەمەدا کاریان پێکرا، دواى تێپەڕبوونى چەندین ساڵ دەرکەوت هەر خودى ئێران بەو ئامێرانە چەندین بەنداوى دروستکردووە، لە ئـێستاشدا هەرێمى کوردستان لە ژێر ڕەحمەتى بەنداوەکانى ئێرانە و هەرکات بیەوێت ئاو وەک کارتێکى سیاسى بەکاردەهێنێت، لەم ساڵەنەى دوایشدا ئەوەمان بینى، ئەم تاڵانکردنەى بەنداوەکە، ناوی لێنرا (تاڵانکردنى بێخمە).

هەوڵەکان بۆ دووبارە کارکردن لە بەنداوى بێخمە

لەلایەکی تر وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاندووە کە دوای دروستبوونەوەی حکوومەتی عێراق لە ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٨ حکوومەتی عێراق چەند جارێک شاندی ناردووە بۆ وتووێژ لەسەر پرۆژەکە و دەستپێکردنەوەی بەڵام حکوومەتی ھەرێم لەسەر دەستپێکردنەوەی ڕەزامەند نەبووە، لە ئێستاش ھیچ پلانێکی نوێ بۆ بەنداوەکە نییە.

لە ٢٠٠٧ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند کە نیازی تەواوکردنی بەنداوی بێخمەیان ھەیە، بە مەبەستی بەرھەمھێنانی کارەبا و گڵدانەوەی ئاو. بەھەرحاڵ لەگەڵ وشەکەساڵیی ٢٠٠٨ی عێراق، حکوومەتی عێراق گلەیی دەربڕی و دروستکردنی بەنداوی بە مەترسی کەمبوونەوەی ئاو زانی لە باشووری عێراق.

لەوچوارچێوەیەدا، لە ٢٠٠٨ بڕی ٣٣ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەرجکرا، لە ئامادەکاری بۆ بەردەوامیدان بە بنیاتنانی بەنداوەکە و بڕی خەرجیی تەواوکردنى بەنداوەکەش  دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری مەزەندەکرا، سەرەڕاى هەموو ئەمانە چەند شتێکی تر کرانە بیانوو بۆ ڕێگری لە دروستکردنی بەنداوەکە؛ لەوانە ڕاگوێزرانی نزیکەی ٢٠٫٠٠٠ کەس لە شوێنەکایان و ئەگەری نزیکبوونەوەی ئاو لە ئەشکەوتی شانەدەر.

بەڵام خاڵى سەرەکى لەڕێگریکردن لە دەسپێکردنەوەى کارکردن لە بەنداوى بێخمە، بنەماڵەى بارزانى و یەدیاریکراوى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتییە، بەهۆکارى ئەوەى ئەو پرۆژەیە دەکەوێتە ناوچەى بلە و بەرزانەوە، هەرچەندە بەڵێنى قەرەبووکردنەوەیان درابوو، بەڵام مەسعود بارزانى ڕێگربوو لەوە.

هاوکات، فشارەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆ حکومەتى هەرێم بەتایبەت پارتى، بۆ ئەوەى ئەو پرۆژەیە بخرێتە خانەى لەبیرکردنەوە، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەتەواوبوونى بەنداوى بێخمە، کاریگەرى بەنداوەکانى تورکیا لەسەر باشورى کوردستان و عێراق بەڕێژەى (٥٠) کەم دەکاتەوە.

سەرچاوى ئاوى بەنداوی بێخمە دەکەوێتە لەسەر زێی گەورە و لە باکوری کوردستانەوە لەنزیک دەریاچەی وانەوە هەڵدەقوڵێ. یەکێکە لە گرنگترین ئەو ئاوەڕۆیانەی دێتە باشورى کوردستان و دەڕژێتە ڕوباری دیجلەوە.

درێژی ئەم ڕوبارە لە سنوری باشوری کوردستانەوە تا دەڕژێتە ڕوباری دیجلەوە نزیکەی (٢٣٠)کم، ڕێژەی تەوژمی ئاوەکەی نزیکەی (١٣.٥)ملیارمەتر سێجا بوو لە ساڵێکدا، بە بنیاتنانی پڕۆژەی (گاپ) لە تورکیا و پاشتر ئەو تەوژمەی بۆ (٨.٥)ملیارمەتر متر سێجا کەمبووە.

 بەگرتنەوەى ئاوى بەنداوی (ئەلیسو) پڕبوونی ڕادەی تەوژمی ساڵانەی ئەم ڕوبارە بگاتە (٧)ملیار متر سێجا، شارەزایانی بوارەکەش باس لەوە دەکەن، بەنداوى بێخمە کێشەى کەم ئاوى لە عێراق کەم دەکاتەوە و لەهەرێم کۆتایی دێنێت.

هـ . ب