جیهان لەبەردەم کارەساتی ژینگەییدایە و شۆڕشێکی ئیکۆلۆژی دەتوانێت رزگاری بکات

تادێت ئاسەوارەکانی مامەڵەی ناتەندروست و زیانبەخشی سیستمی سەرمایەداری لەگەڵ ژینگە و زەوی زیاتر دەردەکەون و مرۆڤایەتی لە لێواری کارەساتێکی گەورەدایە، ئەمەش زیاتر پێویستی شۆڕشێکی ژینگەیی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئیکۆلۆژی دەخاتەڕوو.

پرسى ژینگە و گەرم بوونى زەوى یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگەکان لەسەر ئاستى دنیا، پێشبینییەکان ئاماژەن بەوەی، کە ئەگەر بەر بە چاوچنۆکی کۆمپانیا و دەوڵەتانی سەرمایەداری نەگیرێت، مرۆڤایەتی رووبەڕووی کارەساتی گەورە دەبێتەوە، لەو چوارچێوەیەدا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە مانیفیستۆى شارستانى دیموکراتیک، تایبەت بە ئیکۆلۆژى پرسى چارەسەرى ژینگە دەخاتە ڕوو.

نەتەوەیەکگرتووەکان لەدواین ڕاپۆرتیدا مەترسییەک دەخاتە و ڕایدەگەیەنێت، قۆناغى گەرمبوونى زەوى کۆتایی هاتووە و قۆناغى کوڵانى زەوى دەستى پێکردووە، بەرهەمهێنانى زیاد لە پێویست و چاوچنۆکی وڵاتانى زلهێز و سیستەمى سەرمایەدارى خولقێنەرى ئەو مەترسیانەى سەر ژینگە و مرۆڤایەتین.

بەناوەند کردنى مرۆڤ لە ژینگەدا و برەودان و رەوایەتیدان بەو بیرۆکەیەی 'مرۆڤ ناوەندى گەردوون و ژینگەیە و هەموو ژینگە بە بوونەوەرەکانى سەر زەوى لە خزمەتیدان'، سەرچاوەى هەموو ئەو مەترسیانەیە کە دوچارى ژینگە دەبنەوە، ڕێبەر ئاپۆ رەتیدەکاتەوە، مرۆڤ ناوەندى ژینگە و خاوەنى هەموو شتێکى گەردوون بێت. دەشڵێت، وەک هەموو بوونەوەرکانى دیکە، مرۆڤیش یەکێک لە توخمەکانی ئەم سروشتەیە و ژینگەش ماڵى هەمووانە، ڕەواش نیە بە هۆى ئەو ژیرییەى مرۆڤ هەیەتى سروست و ژینگە بخرێتە خزمەتیەوە و دژی ژینگە بجوڵێتەوە. 

لەو چوارچێوەیەدا، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کە یەکێک لە پایەکانى هزرى خۆى لەسەر بنەماى پاراستنى ژینگە ڕەنگڕێژ کردووە، لەبارەى مەترسییەکانى سەر مرۆڤایەتى و تەماحکارییەکانى سیستەمى سەرمایەدارى وەها دەڵێت، ئەڵقەکانى ژینگە بەگشتى وەک شێوەیەکى پەرەسەندوو، ملیۆنان ساڵى ویستووە بۆ پێکهاتن، تا پێش مێژووى پێنج هەزار ساڵەى لەمەوبەر، سروشتى ژینگە لە هاوسەنگییەکى باشدابوو. بەڵام لەگەڵ پەلهاویشتنى شارستانییەتەکان و دروستبوونى سیستەمەکان و دروستبوونى سیستەمى دەوڵەتەشار، بەنامۆکردن و دوور خستنەوەى ژن لە ئابورى، وردە وردە وێرانکاریەکانى سەر ژینگە دەرکەوتن.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەها شرۆڤەى دەسپێکى مەترسییەکانى سەر ژینگە، دەبەستێتەوە بە مۆدێرنیتەى کاپیتالیستییەوە، لەو بارەیەوە دەڵێت، کێشە ئیکۆلۆژییەکان کۆمەڵگە نەیئافراندووە، بەڵکو ئەوە سیستەمەکان کە دەبنە هۆکارى ئەم کێشانە، هەروەها کۆمەڵگە سەرچاوەى کێشە پیشەسازییەکان نین، بەڵکو ئەوە سیستە قازانج ویستەکانن کە دەبنە هۆکارى ئەم کێشانە.

هاوکات، بە هۆى زێدەخوازی و چاوچنۆکی سیستەمى سەرمایەدارییەوە لەسەر ژینگە، ژینگە بەتەواوەتى ڕووە و مەترسى چووە و ئیدى ژینگەش زوو زوو وەڵامێکى ئەم کارانەمان دەداتەوە بە ڕووداوێکى سروشتى.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر شرۆڤە دەکات و دەڵێت، ئەو شارانەى سەرمایەدارى بەتەواوى چووەتە بنج و بنەوانی، هیچ ڕەنگێکى ژینگەیی پێوە دیار نیە و بووەتە شارێکى تەواو پیشەسازى و تەواو پڕ بووە هەرچى جۆرە شێرپەنجەیە، بەیەکجارى لە سروشت دوور خراوەتەوە. لە وەها بارێکدا چارەسەر پێویستە، پرسى چارەسەرى مەترسییەکانى ژینگە، لاى سیستەمى سەرمایەدارى دەست ناکەوێت، چوونکە خودى سیستەمەکە سەرچاوەى هەموو مەترسییەکانى سەر ژینگەیە، بۆیە پێویستە ئیکۆلۆژیا وەک زانستێک پێش بخەین لە پێناو چارەسەرى.

لە چوارچێوەى پرسی چارەسەرى مەترسییەکانى سەر ژینگە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت، ئیکۆلۆژیا وەک زانستێک دەتوانێت پێشەنگایەتى بکات و کارى شۆڕش ئاسا بە ئەنجام بگەیەنێت، بۆیە کۆمەڵگەى ئیکۆلۆژى پێشنیاز دەکات لە بەرامبەر کۆمەڵگەى پیشەسازیگەراییەکانى سەرمایەدارى.

هـ . ب