"لە ژێر ناوی سیاسەتی ئەمنی تایبەت لە ناوچە کوردییەکان، لەناوبردنی ئیکۆلۆژی بەردەوامە"

ژمارەیەک ڕێکخراو و پارتی سیاسی لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی دەریاچەی کۆیونیەری سەر بە چان و بناری چیای جودی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و جەختیانکردەوە، 'لە ژێر ناوی سیاسەتی ئەمنی تایبەت لە ناوچە کوردییەکان، لەناوبردنی ئیکۆلۆژی بەردەوامە".

١٠ ڕێکخراو و پارتی سیاسی ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی دەریاچەی کۆیونیەری سەر بە چان-ی ناوچەی چاناککالە و بناری چیای جودی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کە بە دروشمی "لە دژی بەرتیل، ئاگر و کوشتار، ژیان و سروشت دەپارێزین" بڵاویانکردووەتەوە، ھاتووە، "بەهۆی ئەو ئاگرەی لە چان کەوتووەتەوە، ٢ هەزار و ٦٥٠ هێکتار دارستان و ٤ هەزار و ٨٠ هێکتار زەوی زیانیان بەرکەوتووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بە ھۆی ئاگرکەوتنەوە ١١ گوند چۆڵکراون و هەزار و ٢٥١ کەس گواستراونەتەوە و ١٤٠ سەر ئاژەڵیش مردار بوونەوە و زیانێکی زۆر بە گوندنشینەکان گەیشتووە و تا ئێستاش ئاگرکە لە دارستانەکانی ناوچەی دادیا لە نزیک رووباری ئەڤرۆسی یۆنان بەردەوامە و لە ناوچە سنوورییەکانیش گەیشتووەتە دەریای ئایۆنیا.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە تاڵانکردنی سروشت و سووتاندنی دارستانەکانیش کراوە و تێدا ھاتووە "لە ژێر ناوی سیاسەتی ئەمنی تایبەت لە ناوچە کوردییەکان، لەناوبردنی ئیکۆلۆژی بەردەوامە". ڕۆژی ٢٦ی تەمووز ئاگر لە بناری چیای جودی کەوتەوە. ئاگرەکە بە ڕووبەرێکی فراواندا بڵاوبووەوە. بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، سەربازەکان ئاگریان لە ناوچەکە بەرداوە. ئەو شوێنەی ئاگرەکەی لێکەوتۆتەوە نزیک بنکەی سەربازییە. چەندین ڕۆژ ھیچ ھەوڵێک بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نەدراوە و ڕێگەش بە هاووڵاتیان نەدراوە ئاگرەکە بکوژێننەوە.

ھەر وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "زیاتر لە مانگێکە بڕینەوەی دارەکان لەلایەن جەردەوانان لە بەستا، گابار و جودی بەردەوامە". ھاوکات داوا لە هەموو ژینگەپارێزان کراوە، "هەنگاوی پێویست لە دژی بڕینی دار و کارەساتی ئیکۆلۆژی بگرنەبەر، کە لەلایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆر ئەنجام دەدرێت، دەستێوەردانێکی باش بکەن و بۆ پاراستنی ژیانی سروشتی و ئاژەڵەکان، با هەموو ژینگە پارێزان پاڵپشتی تێکۆشانی ئیکۆلۆژی بکەن.''

ژ.ن