پێشبڕکێی 'نووسەرانی پاشەڕۆژ' لە هەرێمی جزیرە بەڕێوەدەچێت

چوارەمین پێشبڕکێی 'نووسەرانی پاشەڕۆژ' بە بەشداریی ١٥٠ منداڵ لە ناوەندی چاند و هونەری محەمەد شێخۆی شاری قامیشلۆ دەستی پێ کرد.

لە ناوەندی چاند و هونەری محەمەد شێخۆی شاری قامیشلۆ، چوارەمین پێشبڕکێی 'نووسەرانی پاشەڕۆژ' بە بەشداریی ١٥٠ منداڵ دەستی پێ کرد.

 پێشڕکێکە لە سەر ئاستی هەرێمی جزیرە لەلایەن دەستەی چاند و هونەری هەرێمی جزیرە و کۆمیتەی ژنانی وێژەوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە ڕێک خراوە. ئەم پێشبڕکێیە بە زمانی عەرەبیی و کوردییە و لە چوار قۆناغ پێک دێت.

قۆناغی یەکەم لە ژێر ناوی 'چرۆی ئەمڕۆ، درەختی سبەینێیە' دەستی پێ کرد. کۆمیتەی ئامادەکار و پێشکەشکار گوێیان لە نرخاندنی منداڵان بۆ ئەو چیرۆکانەی پێیان دابوون گرت. لە قۆناغی دووەمیشدا دەبێت هەر منداڵێک بە هەفتەیەک چیرۆکێک بنووسن، پاشان کۆمیتەکە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات.

لە قۆناغی سێیەم و چوارەمیشدا، چیرۆکەکە لە منداڵان وەردەگرن و لە بەرانبەر ئامادەبووان دەیخوێننەوە، لە ٧ـی ئابیش سەرکەوتووان دیاریی دەکرێن و خەڵاتیان پی دەبەخشرێت.

پێشبڕکێکە بۆ هەردوو تەمەنی (١٠ بۆ ١٤ ساڵیی و ١٥ بۆ ١٨ ساڵیی)، ڕێک خراوە. ئامانجی پێشبڕکێکە هاندانی منداڵانە بۆ خوێندنەوە و نووسین و  پێشخستنی بەهرەکانیان.