یەژاستار: هاوڕێ بەروار تاڤگەی خۆشەویستی بوو

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی یەژاستار فەرماندەی فیدایی بەروار دێرسیمی بە رێزەوە یادکردەوە و رایگەیاند: "لە شەڕ و ژیاندا، گەریلایەتی و فەرماندەیی سەردەمیانەی لەسەر هێڵی بێریتان و زیلان بەجێگەیاند".

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی یەژاستار رایگەیاند، "فەرماندەمان لە ئەیالەتی یەژاستار و لە هەمان کاتدا ئەندامی دەستەی فەرماندەیی هەپەگە و یەژاستار فەرماندەی هێژامان بەروار (سەیران چۆماک) لە ٨ی ئابی ٢٠٢٤ دا شەهیدبوو. سەرەخۆشی لە گەلی وڵپارێزمان و بە تایبەتی بنەماڵەی نیشتمانپەروەر و بەرنرخی چۆماک  و سەرجەم ژنان دەکەین. یەک لە فەرماندە پێشەنگەکانی شەڕی شۆڕشگێڕی گەل فەرماندەی فیدایی و بەنرخمان هاوڕێ بەروار بە خۆشەویستی، رێز و پێزانینەوە یاددەکەینەوە و بەڵێنی وەفاداری دوپات دەکەینەوە".

لە راگەیەندراوی فەرماندەییەکەدا هاتووە: "هەڤاڵ بەروار لە ناو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لە ئەلباک لەدایکبوو کە لەو ناوچەیەدا کولتوری خۆڕاگری سەرحەد و بۆتان کاریگەری لەسەر هەیە، لە دژی سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵیی دەوڵەتی تورکی فاسیست-قڕکەر هەرگیز چۆکی دانەداوە. بنەماڵە و دەوروبەرەکەی بەهۆی وڵاتپارێزیانەوە زۆر جار بەرەوڕووی سیاسەتی چەپەڵی دەوڵەتی تورکی فاشیست بوونەوە، بەڵام هەرگیز خۆبەدەستەوەدانیان قەبوڵ نەکرد. هاوشێوەی زۆر بنەماڵەی دیکە لە کوردستان، بنەماڵەی چۆماکیش تەنگوچەڵەمە و گوشاری زۆریان خرایەسەر، بە شێوەی ناڕەوا لە زێدی خۆیان هەڵتەکێندران، بەهۆی ئەو سیاسەتانەی دوژمنیشەوە ناچار بوون بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچبەر بن. هەڤاڵمان بەروار لەلایەکەوە سیاسەتە چەپەڵەکانی دوژمنی زۆر زوو ناسی، لەلایەکی دیکەوە بە هەستی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان کە بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ بەرەوپێشچوونی گرنگی لە کوردستان خوڵقاند، گەورەبوو. و کەوتە ژێر کاریگەری تێکۆشانی گەریلا، شەهیدان و تێکۆشانی ئازادی ژن. هەڤاڵ بەروار لە منداڵییەوە هەرگیز مرۆڤێکی ئاسایی نەبوو، ئەو ساڵانەی کە دەچووە خوێندنگە زیاتر کەوتە ناو گەڕان و پەیجوری. لە ساڵی ١٩٩٩دا پیلانگێری نێونەتەوەیی لە دژی رێبەر ئاپۆ کاریگەری زۆری خستەسەر، ناڕەزایەتی لە بەرامبەر سیاسەتی دوژمن زیاتر بوو و گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئیتر نایەوێت ببێتە بەشێک لەو سیستمە چەپەڵە، هەستی شۆڕشگێڕی ئەو زیاتر گەشایەوە و بڕیاریدا بەشداری لە تێکۆشانی ئازادیدا بکات. هەروەها ئەو کاتەشی کە هەڤاڵانی گەریلاش لە رۆژهەڵات سەردانی بنەماڵەی وڵاتپارێزی ئەویان دەکرد، هەڤاڵ بەروار زۆر کەوتە ژێر کاریگەری هەڤاڵا و هەربۆیەش ویستی کە بەشداری بکات".

هێڵی زیلان و بێریتانی بەجێگەیاند

لە راگەیەندراوەکەی یەژاستاردا هاتووە، کە ئەو کاتە یەک لەو گەریلایانەی کە بەروار ناسیبووی، شەهید لەیلا ئاگری بوو و ئەوەش خراوەتەڕو، " هەڤاڵ لەیلا بۆ ئەوەی بچێتە خنێرە لەو کاتەی بۆ ماڵئاوایی چوو بۆ لای ئەوان، هەڤاڵ باوەر بریاریدا کە بڕیاری بەشداربوونی خۆی جێبەجێ بکات و لەگەڵ هەڤاڵ لەیلا کەوتەڕێ. لە هەڤاڵ لەیلاوە فێربوو. دوای پەروەردەی سەرەتایی، هاورێ بەروار کە زۆر کاریگەری رێبەرایەتی لەسەر بوو، بەشداربوونێکی ئاسایی بە بنەما نەکرد، بۆ ئەوەی لەسەر هێڵی پەکەکە و پاژک ببێتە جەنگاوەرێکی نمونەیی و فیدایی رێبەرمان بڕیاریدا کە بەشداری کارەکانی هێزی تایبەت بکات. لەبەر ئەوەی دەیویست لە هەموو هەلومەرجێکدا بە شێوەی زیلان بژی و شەڕ بکات، لە ماوەیەکی کورتدا پێشکەوت، دوای پەروەردەی ئایدۆلۆژیک و سەربازی بۆ ئەوەی وەڵامدەرەوەی رێبەرایەتی بێت لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١ی حوزەیراندا بۆ ئەوەی لە ریزەکانی پێشەوە بەشدار بێت، لە ساڵی ٢٠٠٤ دا لەسەر پێشنیازی خۆی چووە گۆڕەپانی دێرسیم. لە بەرامبەر پیلانگێری و پاکتاوکاری دوای ئەوە، هەڵوێستی خۆی بەو جۆرە نیشاندا و تا ساڵی ٢٠١٣ لە گۆڕەپانی دێرسیم بە شێوەیەکی چالاک رۆڵی گێڕا. دواتر بڕیاری کشانەوەی رێبەرمانی بە بنەما گرت و ساڵی ٢٠١٣ گەڕایەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا. لەوێ بەشداری لە پەروەردەی ئایدۆلۆژیکدا کرد و لە ژێر چەتری هێزی تایبەت ئەرکی گرنگی لە ئەستۆ گرت و بێ دوو دڵی بەشداری کاروبارەکانی کرد. بە مەبەستی بەشداری لە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ لە باکور و لە سەر بنەما بەشداربوون لە قۆناغەکە لە ساڵی ٢٠١٦دا لەگەڵ گروپێک لە هاورێیانی ژن رووی کردە ئەیالەتی سەرحەد. لەوێ بەرپرسیارێتیەکی مێژوویی بەجێگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تا کاتی شەهیدبوونی ئەرکی فەرماندەیی ئەیالەتی سەرحەدی یەژاستاری لە ئیرادە و بڕیارداری گەورەوە جێبەجێ کرد. هاوڕێ بەروار لە شەڕ و ژیانی خۆیدا فەرماندەیی و گەریلایەتی سەردەمیانەی لەسەر هێڵی زیلان و بێریتان بەڕێوەبرد.

ئەو بە باوەڕی خۆی وەک چیای ئاگری بەهێز و هەڤاڵێکی نموونە بوو

هەڤاڵ بەروار بە عەشقی ژیانی ئازاد، وڵاتەکەی و ڕێبەرایەتی ئازاد، بە باوەڕ، ئیرادە و بوێری وەک چیای ئاگریی بوو بە هەڤاڵێکی نمونە. هەر لەو کاتەوە کە بەشداری پەکەکە دەبێت تا کاتی شەهید بوونی، لە هەموو بوارەکاندا بە ئایدۆلۆژیی و پارادایمی ڕێبەراتی خۆی بەهێز کرد و بەڕێوەی برد، لە هەموو پرسێکدا، هۆشیاری، کولتوور و شێوازی تێکۆشانی پەکەکە لە کەسایەتی خۆیدا بنیاتنا. هەر کاتێک شەڕ و پراکتیک زۆرتر دەبوو، هەڤاڵ بەروار بە هێز و عەشق و باوەڕەوە کەسایەتی و شوناسی وەفاداریی خۆی دەسەلماند و وەک شەڕڤانێکی ئاپۆیی ماندوونەناسانە بەشداری تێکۆشان دەبوو. بە هەر ساتێکی ژیانی مانا دەبەخشی، هەڤاڵانی لە هەموو جۆرە هەڵەیەک دەپاراست، تەنانەت لە هەلومەرجی سەختیشدا هیوای بە هەڤاڵانی دەبەخشی و ڕێگای بۆ ڕوون دەکردەوە، قەد بێچاربوونی قبوڵ نەدەکرد، بەم تایبەتمەندییانەوە هێز و متمانەی بە هەڤاڵانی دەبەخشی، وەک گەریلایەکی پێشەنگ بیری لە هەموو وردەکارییەکانی ژیان دەکردەوە، بە ڕاستگۆیی، دڵسۆزی، وەفاداریی و خۆنەویستی خۆییەوە لای هەڤاڵانی زۆر جیگای ڕێز حورمەت بوو. هەروەه لەناو پەکەکەدا وەکوو فەرماندەیەکی سەرکەوتوو و متمانە پێدەری هەڤاڵەکانی دەناسرا. بە تایبەتمەندییە وڵاتپارێزییەکەی و جەماوەرییەکانی بوو بە کەسایەتییەکی ڕێکخستنی. هەڤاڵ بەروار شارەزای شەڕی گەریلایی بوو لە باکوور، بە دیسیپلین و زیرەکی پراکتیکی خوڵقکارانەی زۆر جار دوژمنی تێکشکاند، وەک تێکۆشەرێکی گەریلای ژنی ئازاد بەشداری هێڵی فەرماندەیی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ بوو. هەڤاڵ بەروار هێندەی کە فەرماندەیی کردووە بەشداری لە چالاکیی سابۆتاژ کردووە، لە دێرسیمەوە تا سەرحەد چالاکیی زۆری ئەنجام داوە، هەمیشە بە لێهاتوویی خۆی لە شەڕی شۆڕشگێڕی گەلدا بە جددییەتی زۆرەوە بەرەو سەرکەوتن ڕۆیشتووە. هەڤاڵمان بەروار لە هیچ بارودۆخێکدا بێچارەبوونی قبوڵ نەدەکرد، بەردەوام پشتی بە هێزی خۆی دەبەست، ئەو هەمیشە سەرچاوەی هێز و مۆڕاڵ بوو، هەمیشە بە هەست و بوێری تۆڵەسەندنەوە ڕووبەڕووی دوژمن دەبووەوە و فەرماندەیەکی وەها بوو. هەڤاڵ بەروار وەک سەرچاوەی خۆشەویستی وابوو. لە بابەتێکدا کە ئەمساڵ نووسیویەتی، باسی چەمکی خۆشەویستی خۆی کردووە بەم وشانە: "خۆشەویستی کۆمەڵایەتی و ژیان وەک ژن ئامانجێکی گەورەیە. بۆ ئەمەش پێویست بە هەستێکی گەورەی بەرپرسیارێتی هەیە، هێزی تێگەیشتن. لەم ئامانجەدا پێویستە ماندوو نەناسانە دژی دواکەوتوویی شەڕ و تێکۆشان بکەین. مرۆڤ دەبێت بە چاوی خۆش ویستنەوە سەیری هەموو شتێک بکات، بژیت و ببێتە لافاوی خۆشەویستیەوە و بڕژێتە ناو ڕووبارەکان، هەروەک چۆن هیچ بەنداوێک ناتوانێت ڕێگری لە ڕووبارێک بگرێت. بەهەمان شێوە کەس ناتوانێت دژی خۆشەویستی بوەستێت، خۆشەویستی سنوورێکی نییە. ئاو کاتێک شوێنێک بۆ خۆی دەدۆزێتەوە دەوستێت، بەڵام خۆشەویستی بێکۆتایییە و لە شوێنێک ڕاگیر نابێت. هێز و وزەی سروشتی بەردەوامە. من باوەڕم وایە ئەم وزەیە بەردەوام لە دڵێکەوە دەڕژێتە دڵێکی ترەوە. لە سەختترین کاتەکانەوە تا کانی لێک تێگەیشتن، هەمیشە هەیە و بەدەوامیش دەبێت.من بە شێوەیەکی بێ کۆتایی ڕێبەرایەتی، شەهیدان، گەلەکەمان، هەڤاڵەکانم، ژنانی ستەملێکراو و خۆڕاگرم خۆشدەوێت." هیوادارم ببینە شایەنی خۆشەویستی ئەم فەرماندە هێژامانەوە.

شەهید بوونی هەڤاڵمان بەروار کاریگەری زۆری لەسەر ئێمە هێزەکانی یەژا ستار کرد. لە کەسایەتی ئەودا، خاوەنداری لەو بەهایانە دەکەین کە بە ڕەنج و ماندووبوون، دڵسۆزی و ئیرادەی بەرزی شەهیدانمانەوە بەرهەم هاتوون، هێڵی ڕیبەرایەتی دەکەینە بنەمای تێکۆشانمان، ئامانجی شەهیدانمان لە کوردستانێکی ئازاددا بەدی دێنین. بەڵێنمان دووبارە دەکەینەوە کە تۆڵەی هەڤاڵ بەروار و هەموو هەڤاڵانی شەهیدانی گەلەکەمان بکەینەوە."