زیندانیکردنی دایە مریەمی ٧٩ ساڵ و دایە خاتونی ٧١ ساڵ ئیدانە کرا

دەستپێشخەریی دایکانی ئاشتی لە ئیستەنبول زیندانیکردنی دایە مریەم سۆیلوی تەمەن ٧٩ ساڵ و دایە خاتون ئاسلانی تەمەن ٧١ ساڵ، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئیدانە کرد.

دەستپێشخەریی دایکانی ئاشتی لە ئیستەنبول زیندانیکردنی دایە مریەم سۆیلوی تەمەن ٧٩ ساڵ و دایە خاتون ئاسڵانی تەمەن ٧١ ساڵی ئەندامی کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لە بنەماڵە و کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان لە لانکەى شارستانیەتدا (مەبیا – دەر / MEBYA-DER) ئیدانەکرد، کە لە ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی رۆژی ٢٧ی شوبات دا لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە دەستگیرکران و دوای دەستگیرکردنەکەیان لەلایەن دادگای دەوڵەتی تورکەوە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا.

ژمارەیەکی زۆر لە دایکان بەشداری چالاکیی ئیدانەکردنە بوون، کە لە بارەگای هەدەپە لە ناوچەى باگجیلار بەڕێوەچوو.

گوڵەت بوگداجی دایکی ئاشتی رایگەیاند، زیاتر لە ٢٠ ساڵە بۆ ئاشتی تێدەکۆشن و وتی، "ئێمەی دایکان بڕوامان بە ئاشتی هەیە و بۆ ئەوەش تێدەکۆشین. شەڕ بە مانای فرمێسکی چاوی دایکانە. شەڕ بە مانای گوشار و کوشتاری سەر ژنانە. بۆ ئەوە داکۆکی لە دایکانی ئاشتی دەکەین".

بوگداجی وتیشی، ئەو دایکانە کە زیندانیکراون تەمەنیان لەسەروی ٧٠ ساڵەوەیە و ئەوەشی وت، "لە بەر ئەوەى ئەوان ئاشتییان دەوێت  زیندانیکراون. ئەو دوو دایکە چەندین نەخۆشییان هەیە و دەبێت بە خێرایی ئازاد بکرێن. ئێمە ئەو عەقڵییەتە ئیدانە دەکەین، کە دایکان زیندانی دەکات".

ژ.ت