'بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی، دەیانەوێت ڕەوایەتی بدەن بە عەقڵێتی داعش'

سوهام شەنگالی باسی لە مەترسیەکانی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی کرد و وتی: "دەیانەوێت ڕەوایەتی بدەن بە عەقڵیەتی داعش. ئەم ڕەشنووسە یاساییە کارەساتی کۆمەڵایەتی لێدەکەوەێتەوە."

لایەنە شیعەکانی پەرلەمانی عێراق ڕەشنوسی یاسایەکییان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای کەسی (قانون مەدەنی) پێشکەشی پەرلەمان کردووە. لە ڕەشنوسەکەدا مافی خاوەندارێتی لە دایکان وەردەگیرێتەوە و ئەمەش ڕێگە بۆ ڕەوایەتیدان بەشودانی منداڵێ ٩ ساڵە دەکاتەوە. لە بارەی هەوڵەکانی یاسای باری کەسی، ئەندامی کاروبارەکانی دەرەوەی تاژێ، سوهام شەنگالی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان هەڵسەنگاندنی کرد و ئاماژەی بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی یاسایەکە کرد.

لە سەرەتای قسەکانیدا سوهام شەنگالی دەسنیشانیکرد پەرلەمانی عێراق بەم رەشنوسە یاسایەوە دەیەوێت ڕەوایەتی بدات بە عەقڵیەتی داعش و وتی: "دەیانەوێت بەم بریارە کچی منداڵ و کۆمەڵگە قڕ بکەن. لەم ساڵانەی کۆتاییدا لە سەرانسەری جیهاندا ژن بە درووشمی 'ژن ژیان ئازادی' سەرهەڵدانیان کرد و بەو سەرهەڵدانانەیان مۆری خۆیان لە مێژوو دا. هەربۆییە لە کاتێکی وادا رەشنوسی یاسای باری کەسی کە دەکەوێتە ڕۆژەڤی پەرلەمانی عێراقەوە لە ڕاستیدا ڕێکەوت نیە. ئەم ڕەشنوسە یاساییە وەک هێرشێک لەدژی سەرهەڵدانی ژنان دەبینین. پیاوانی دەسەڵاتدار لە هێزی ژنان دەترسن. هەربۆیە لەم ڕێگەیەوە هێرش دەکەن."

'دەیانەوێت بەم یاسایەوە ڕەوایەتی بدەن بە عەقڵیەتی داعش'

لە بەردەوامی قسەکانیدا سوهام شەنگالی باسی لەوەکرد ڕەنگە ئەم ڕەشنوسە یاساییە کاریگەری لە هەندێک لایەن نەکات، بەڵام دەبێتە هۆکاری دروستبوونی کارەساتێک لە کۆمەڵگەدا و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "گەر منداڵ لەو تەمەنەدا هاوسەرگیری پێبکرێت، ئەوا چۆن ئەزموونی منداڵێتی خۆی دەکات. ئەمەش ڕێگە بۆ فرەژنی دەکاتەوە و مەترسیەکی زۆری دەبێت. عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوەییە، بۆیە بەشودانی منداڵ لە هەندێ کۆمەڵگەدا وەک تاوان دەبینرێت. وە لەناو کۆمەڵگەی ئێزدیدا وەک تاوان سەیردەکرێت، بۆیە ڕەشنوسی یاسایەکە لە لایەن کۆمەڵگەی ئێزدیەوە پەسەند ناکرێت. هیچ جیاوازییەک لە نێوان عەقڵیەتی داعش و رەشنوسە یاساییەکەدا نیە.ڕوونە دەیانەوێت بەم یاسایە عەقڵیەتی داعش ڕەوا بکەن. بینیمان داعش لە فەرمانی ٢٠١٤ی سەر کۆمەڵگەی ئیزدیدا هەمان شتی بەرامبەر بە کچانی منداڵ کرد."

'تا کۆتایی تێدەکۆشین'

لە کۆتای قسەکانیدا ئەندامی کاروبارەکانی دەرەوەی تاژێ سوهام شەنگالی بانگەوازی لە تەواوی ژنان کرد لە دژی ئەم سوکایەتیکردنە بە ژنان لە بێدەنگیدا نەبن و وتی: "وەک ژنانی ئێزدی هاوشانی ژنانی عێراق لە دژی ئەم ڕەشنوسە یاساییە تێدەکۆشین، تاوەکو بەتاڵ دەکرێتەوە. ژنان لە جیهاندا ئازارێکی هاوبەشییان هەیە. هەر بۆیە هەتا کۆتایی لەدژی یاساکە تێدەکۆشین. بانگەوازی لە تەواوی ژنانی عێراق و بە تایبەت لە نوێنەرانی ژن دەکەین، لە بەرامبەر ئەم سوکایەتییەی دژ بە ژنان دەکرێت بێ هەڵوێست نەبن و تێکۆشانیان بەهێز بکەن."