بە دیمەن

لە ئەڵمانیا ناڕەزایەتییەکان دژی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی چاکاس بەردەوامن

لە ئەڵمانیا ناڕەزایەتییەکان دژی بڕیاری دادگای باڵای کێلی ئەڵمانیا کە چالاکوانی کورد محەمەد چاکاسی بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە پەکەکە"، بە ٢ ساڵ و ١٠مانگ زیندان سزا دا و هەوڵی دیپۆرتکردنەوەی دەدات، بێ وەستان بەردەوامە.

چالاکوانی کورد محەمەد چاکاس، لەدایکبووی شاری چەولیکی باکووری کوردستانە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢  لە ئیتاڵیا دەستبەسەر و لە مانگی ئاداری ٢٠٢٣ ڕادەستی ئەڵمانیا کرایەوە، ئێستا چاکاس لە زیندانێکی شاری ئۆلزێنی ئەڵمانیا دەستبەسەرە و چاوەڕوان دەکرا لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ئازاد بکرێت؛ بەڵام داواکاری گشتی ئەڵمانیا سزاکەی هەڵوەشاندەوە و دەیەوێت لە ئەڵمانیا بۆ تورکیا دیپۆرتی بکاتەوە.

داوای پەنابەری چاکاس و ناڕەزایەتییەکانی بەرامبەر بە بڕیاری دیپۆرتکردنەوە ڕەتکرانەوە. بەو بۆنەوە لە ٤ی تەمووزەوە بە پێشەنگایەتی AZADÎ e.V. و کۆنفیدراسیۆنی ناوەندەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردانی ئەڵمانیا (KON-MED) لە چەندین شار خۆپیشاندان بەڕێوەچووە.

هەروەها لە شارەکانی کێل و ئۆلزون گردبوونەوە بەڕێوەچوو، لە چالاکییەکەدا ڕاگەیەندرا کە چاکاس بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دادگایی کراوە و ئەگەر ڕەوانەی تورکیا بکرێتەوە، جارێکی دیکە زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت و رووبەڕووی گوشارەکان دەکرێتەوە.

خۆپیشاندەران بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان"، "ئازادی بۆ هەموو زیندانیانی سیاسی" و "بژی یەکێتی نێونەتەوەیی"یان بەرز کردەوە.

هەروەها ڕۆژی شەممە ١٣ی تەمووز کاتژمێر ١٤:٠٠ بۆ پشتیوانی لە چاکاس لە بەردەم وێستگەی ناوەندی هانۆڤەر ڕێپێوانێکی گەورە بەڕێوەدەچێت. چالاکوانان داوایان لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد دەستبەرداری سیاسەتی بەتاوانبارکردنی کوردان بێت.