بە دیمەن

ژنانی گەرمیان: هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ڕەتدەکەینەوە

لە شارۆچکەی کەلار، پانێڵێک سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراقی، بۆ دکتۆر سافیناز ئەبوبکر، پارێزەر کاوە لەتیف و مەلا تەها مامۆستای ئایینی ڕێکخرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلار، ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لە کتێبخانەی گشتی کەلار، لە لایەن  ناوەندی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی گەرمیان، پانێڵکێک سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی بۆ هەریەک لە دکتۆر سافیناز ئەبوبکر و پارێزەر کاوە لەتیف و مەلا تەها مامۆستای ئایینی ڕێکخرا.

سەرەتا لە لایەن مامۆستا ڕۆشنا محەمەدەوە بەخێرهاتنی میوانەکان کرا پاش خولەکێک ىێدەنگی بۆ یادی ژنانی شەهید و قوربانییان پانێلەکە دەستی پێکرد.

' بە بەرگی ئایینەوە زۆر کاری ناڕەوا دەکرێت'

مامۆستا تەها سەبارەت بە هاوسەرگیری پێش وەختە لە پانێڵەکەدا ئاماژەی بە پێغەمبەری ئیسلام محەممەد کرد و وتی: "کاتێک فاتیمەی کچی پێغەمبەر محەمەد خوازبێنی دەکرێت بەهۆی ئەوەی تەمەنی کەمبووە، ڕازینەبووە. هەربۆیە ئێمە شتەکانمان زۆرکات بەرگێکی ئایینی بەردادەکرێت."

'منداڵی نۆ ساڵ بۆ هاوسەرگیری، جەستەی و دەروونییەن ئامادەنییە'

پاشان دکتۆر سافیناز ئەبوبکر تیشکی خستەسەر ئەوەی کچێکی تەمەن نۆ ساڵ ئامادەنییە بۆ هاوسەرگیریکردن و وتی: "پەیوەندی سێکسی بۆ منداڵ سەلامەت نیە، چونکە هێشتا لە قۆناغی گەشەکردندایە. هەربۆیە هاوسەرگیری پێش وەختەی منداڵان زۆر زیانبخشە. یەکێک لەو زیانانە گواستنەوەی بەکتریا و ڤایروسە و لە کاتی ئەوپرۆسەی دووگیانیدا منداڵە جەستەیی هەڵگری ئەوە نییە و  ناتەندروستە، بۆیە هاوسەرگیریی لە تەمەنی منداڵیەوە زیانی زۆرە."

'بە پێی مەزهەب پێاوێک دەتوانێت کچێکی نۆ ساڵ لە خۆی مارەبکات'

پارێزە کاوە لەتیف بە دیوە یاساییەکەی شیکاری و هەڵسەنگاندیی هاوسەرگیری پێش وەختە کرد و وتی: "ئەم یاسایە کە پێشکەش کراوە لە سێ ماددە پێکدێت یەکێک لە ماددەکان ڕۆتیین و دوو ماددەکەی تر پەیوەندییان بە هاوسەرگیریی پێش وەختەو و فرەژنییەوە هەیە. لە هەرێمی کوردستان هاوسەرگیری نایاسایی سزای سەختی لەسەرە، بە پێی بڕگەی یاسایی سزای پێنج ساڵ زیندانی بۆ دیاری کراوە، بەڵام لە دادگای عێراقی سزاکەی ماددییە و مەترسیی کەمترە.

وتیشی : "ئەم بڕیارەیی پەرلەمانی عێراق، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە بەڵام کاریگەری ناڕاستەوخۆی هەیە ئەویش ئەوەیە خەڵکی ئێرە بۆ فرەژنی هانا بۆ داداگاکانی عێراق دەبەن. یەکێکی تر لە بڕگە یاساییەکانی دادگای عێراق، ئەوەیە بە پێی مەزهەب پیاوێک دەتوانێت منداڵێکی نۆ ساڵ لە خۆی مارەبکات."

لە کۆتاییدا ئامادەبوان سەرنج و پرسیارەکانیان خستەڕوو.