بە دیمەن

ئەگەر داوا لە ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت بانگەوازیەک ڕابگەیەنێت، دەبێت ئازاد بکرێت تا دەرفەتی کارکردنی هەبێت

هێلین ئومید ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە ڕایگەیاند کە چیتر سیستمی جینۆسایدی ئیمرالی ناتوانێ بەردەوام بێت و وتی: "ئەگەر داواکاراییەک لە ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت، پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت دەرفەتی کارکردنی لەسەر پرۆسەکە هەبێت."

هێلین ئومید ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی مێدیا هەبەر(تورکی) کرد و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی، هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەکە کرد کە دوای کۆبوونەوەکانی ئیمرالی دەستی پێکردووە،

لە سەرەتای قسەکانیدا، بە ناوی هەموو هەڤاڵانییەوە، بە ڕێز و وەفادارییەوە سڵاوی لە ڕێبەر ئاپۆ کرد و بەبیری هێنایەوە کە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دەچێتە٢٧ـەمین ساڵیەوە و وتی: "پێویستە پڕۆسەی ڕابردوو لە هەموو لایکەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. لە ڕاستیدا ئێمە هەر ساڵ و هەر ڕۆژ بەردەوام هەڵسەنگاندن دەکەین. چونکە سیستەمی جینۆسایدی ئیمرالی، کە لە ١٥ی شوباتەوە لە ئەنجامی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی سەریهەڵدا، ئەمە نەک هەر دژی ڕێبەر ئاپۆ، بەڵکوو دژی هەموو گەلان جێبەجێ کرا، بەم بۆنەوە وەک گەل و بزووتنەوەکەمان، بە ڕەخنەدانێکی گەورەوە ئەم ٢٦ ساڵە تێپەڕ دەکەین.

هەروەها لە پرۆسەکەدا زۆر وانەی گرنگ فێربووین. سەرەتا سڵاو و حورمەت ئاراستەی بەرخۆدانی گەل و دۆستانی ڕێبەر ئاپۆ دەکەم کە هەڵوێستێكی قارەمانانەی گەورە نیشان دەدەن. بێگومان ئەم بەرخۆدانە بەرخۆدانی هەمووانە."

پیلانگێڕی نێونەتەوەیی شکستی هێنا

هێلین ئومید بەبیری هێنایەوە کە ١٠ ساڵ پێش ڕێبەر ئاپۆ وتبووی؛ 'مزگێنی دەدەم نکۆڵی کردن کۆتایهاتووە و وتی، تێکۆشان دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و شەڕی ئازادی و هەبوون بە پێشەنگایەتی پەکەکە ئەو هەوڵە نکۆڵی کردنەی دژی گەلی کورد بەڕێوە دەچێت پووچەڵ کراوەتەوە. زلهێزەکانی سیستەمی جیهانی - ئەمریکا، ئیسرائیل، بریتانیا- پێشتر لە نکۆڵیکردن دژی کورد ئاگادار بوون، بەڵام گەیشتنە ئەو ئاستەی کە چیتر ناتوانن بە فەرمی باسی بکەن. ئەمەش لە تورکیاشدا کە نوێنەرایەتی هێڵی نکۆڵی کردنی دەکرد لە هەرێمەکە پووچەڵ بووەوە. بۆیە ئیتر نکۆڵی کردن شکستی هێنا. بە تەواوبوونی ٢٦ ساڵەی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات و دەستپێکردنی ٢٧ـەمین ساڵ، بە ڕوونی دەتوانین ئاماژەی پێ بکەین.

بۆیە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی، پیلانی ١٥ی شوبات، سەرکەوتوو نەبوو و بە ئامانجەکانی نەگەیشت. تەنانەت نەیتوانی ئامانجە سەرەتاییەکانی خۆی بپێکەێت. ئەو شەڕە گەورەیەی نێوان گەلانی تورکیا و کوردستان نەیتوانی پلانی جینۆسایدی یەکتر بەئەنجام بگەیەنێت."

سیستەمی جینۆسایدی ئیمرالی بەرەو کۆتایی دەچێت

هێلین ئومید ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە ڕایگەیاند کە ئاگاداری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بەم بۆنەوە هەوڵدەدەین لەو ڕاستییانە تێبگەین کە ڕێبەر ئاپۆ لە کۆبوونەوەکاندا باسی کردووە و لەسەر ئەو بنەمایە ئەرکەکانمان بە دروستی دیاری بکەین. ئێستا دەتوانم ئەمە بڵێم. ئەوەی کە بانگەوازیەک ڕادەگەیەندرێ یان نا، ناوەڕۆکەکەی و پرسەکانی دیکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕوون دەبنەوە.

لێرەدا چەند خاڵێکی گرنگ هەیە. گرنگترینیان پێگەی ڕێبەر ئاپۆیە. سەرەتا دەبێت ئەم بابەتە ڕوون بکرێتەوە. لەم بارەیەوە دەبێت هەنگاو بنرێت. ئەگەر بیانەوێت پێشکەوتن بێتە ئاراوە، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، هەروەها هەلومەرجی ئازاد بۆ ئەوەی بتوانێت ڕەول بگێڕێت، هەنگاوێکی بنەڕەتی و پێویستییە. بەو پێیەی هەندێک لە لێدوانەکان بە ئاراستەی جیاوازدا ڕوویشتووە، هەوڵ دەدەم بە وردی قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەم، ئەمە قبوڵکراو نییە. لە هەردوولا دەستپێشخەری هەیە. ئەگەر داوای بانگەوازیەک لە ڕێبەر ئاپۆ  دەکرێت، ئەگەر داواکارییەک هەیە، بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت لەو بارەوە کارەکانی ئەنجام بدات، دەبێت دەستبەجێ ئازاد بێت و بتوانێت دەرفەتەکان بەکار بێنێت. ئیتر سیستەمی جینۆسایدی ئیمرالی کۆتایی دێت. چیتر ئەم سیستەمە ناتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت؛ دەبێت لەناوببرێت. ئەوەی ئێمە باسی دەکەین پرسی سیستەمێکە نەک پرسی شوێنێک بە تەنیا.

کەواتە بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە رێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادانە کار بکات و بکەوێتە پەیوەندییەوە لە گەڵ دەرەوە. ئەمە گرنگترین بابەتە لە ئێستادا. دواتر بابەتەکانی تر لەلایەن خودی ڕێبەرایەتییەوە جێبەجێ دەکرێن، ئەمە کە ڕوونە."

پرۆسەی گۆڕان و گۆڕانکاری

هێلین ئومید لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، هەمووان هەوڵدەدەن ناوێک بۆ ئەم ڕەوتە دابنێن، بەڵام ئەوە شتێک نییە کە بە ئاسانی پێناسە بکرێت و وتی: "ئێمە بە بینینی، بە ئەزموونکردنی ناوی دەنێین. وەک چۆن لە بابەتی 'پرۆسەی ئاشتی'دا کە بە تایبەتی لە لایەن سیاسەتی دیموکراتیکی کورد لە تورکیا پێداگری لەسەر کرا، ئەم پرۆسەیە پرۆسەی ئاشتی نییە. ئۆپۆزسیۆن خۆی دەڵێت؛ "ئەمە پرۆسەی ئاشتی نییە". پرۆسەی دانوستانیش نییە. ناتوانین بڵێین پرۆسەکە ڕێبازێکە، چونکە دۆخێکی وا بوونی نییە هێشتا.

کەواتە چییە؟ پرۆسەی گۆڕان و گۆڕانکارییە. ئێمە بەم شێوەیە لێی تێدەگەین و بەم شێوەیە هەوڵدەدەین لێی تێبگەین.

پرسیاری سەرەکی ئەمەیە: "ئایا تورکیا بۆ ئەم گۆڕانکارییە ئامادەیە؟ ئایا تورکیا ئامادەیە لەسەر بنەمای ئازادی کورد دەست بە گۆڕانکاری بکات؟ لە بارودۆخی ئێستادا دەبینرێت کە حکومەتی تورکیا بۆ ئەم گۆڕانکارییە ئامادە نییە. لەناو حکومەتدا هەندێک هێز بە سیناریوەکانیانەوە هەوڵی پێچەوانەکردنەوەی ڕەوتەکە دەدەن. بەڵام هەندێ لایەنی دیکە هەن کە لە جددیەتی پرۆسەکە تێگەیشتوون. بۆ نموونه دەوڵەت باخچەلی، سەرەڕای ئەوەی نەخۆش و له جێگەدا بوو، پەیامێکی ڕاگەیاند و وتی: "له تورکیا ئازاری لە دایکبوونێک هەیە، ئەمە واتای مەترسییه، دەبێت یەککڕێزی دروست بکەین." سەرنجڕاکێش بوو، سەرەڕای ئەوەی نەخۆش بوو پەیامێکی لەو شێوەیەی داوە. ئایا بەراستی حکومەتی تورکیا لەسەر بنەمای ئازادی کورد ئامادەی گۆڕانکارییە؟ ئێمە ئامادەین. ئێمە ئامادەین هەم بۆ گۆڕان و هەم بۆ گۆڕانکاری. ئێمە لەم بابەتەدا متمانەمان بەخۆمان هەیە. ڕوانگەی کۆمەڵایەتی و مێژوویی ئێمە ئەمە دەخوڵقێنێت.

چەند هۆکارێک بۆ ئەم ڕەوتە هەیە. ئەو هەلومەرجەی کە لە جیهان و ناوچەکانی دیکەدا هاتوونەتە پێشەوە، جێبەجێ کردنی ئەم پرۆسەیەی لێکەوتووتەوە. ئەو ئاست و هاوسەنگییەی کە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دانرابوو، ئیتر بوونی نەماوە. سوریا ڕووخا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕووخانی ئەو هاوسەنگییەی پێشتر دانرا بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئایا بە ئەحمەد شەرع یان محەمەد جولانی هاوسەنگییەکە گەڕێنرایەوە؟ نەخێر، هێشتا هیچ شتێک ڕوون نییە. دوێنێ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا هاتە ئاراوە، ئەمڕۆش حەماس ڕایگەیاند کە ڕایگرتووە. لێدوانەکان سەبارەت بە دۆخی غەززە ڕوونن. هێشتا شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامە؛ شەڕی سەرمایەداری و کاریگەرییەکانی لەگەڵ داگیرکاری لە ئارادایە. ئەم دۆخە گەیشتووەتە ئاستێک کە ئێستا خودی تورکیای ڕووبەڕووی هەڕەشە کردووتەوە.

ئەڵبەت ئەمە وەک هەڕەشەکردن لە کەس ناڵێم؛ ئەمە ڕاستییەکە. تورکیە وڵاتێکە کە بانگەشەی هەژموونی ناوچەیی دەکات. پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا و عێراق و زلهێزەکانی دیکەی ناوچەکە و جیهان لەم چوارچێوەیەدایە. هەروەها ئەو پەیوەندیانەی لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا دەستی پێکردووە، زلهێزە سەرمایەدارەکانی تووڕە کردووە. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا واقیعێک هەیە بە ناوی ئیسرائیل، کە خۆی وەک هێزی سەرەکی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر کردووە. سروشتییە کە کێبڕکێ و گرژی لە نێوان ئەم دوو زلهێزەدا هەبێت. ئێمە ئەمە ڕاستیە وەک خۆی دەبینین؛ لەبەر ئەوەی ڕاستیەکی لەو جۆرە بوونی هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە گوتاری 'پلانی جیاواز لە دژی تورکیا لە بەرنامەی کاردایە' لێدوانێکی زیادەڕەوی نییە، بەڵکو ڕاستیەکە. ئەستەمە لەم کاتەدا بڵێین کامیان جێبەجێ دەکرێن. ئەگەر حکومەت لە تورکیە لەگەڵ هێزە ئیمپریالیستەکان ڕێککەوتن بکات واتە بەتەواوی تەسلیم دبێت، ئەوا دەتوانێت لەسەر دوو پێی خۆی بمێنێ. بەڵام ئەگەر سیاسەتەکانی ئێستای پەیڕەو بکات مەترسییەکی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

تورکیا چۆن لەم دۆخە ڕزگاری دەبێت؟ وەک ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام ئاماژەی پێدەکات، بە پشت بەستن بە پەیوەندییە مێژووییەکانی تورک و کوردەوە دەتوانرێت لەم هەڕەشانە ڕزگاری بێت. 'کورد و تورک لە مێژەوە بە بوونی یەکەوە ماونەتەوە، ئەم دوو نەتەوەیە بەهەزاران ساڵە پێکەوە ژیاون و بەم شێوەیە بەردەوام بوون'. ئەم ڕاستییە لە ساڵی ١٩٩٩ لە سەردەمی پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا باسی لێکراوە.

بۆ ئەوەی بتوانێ لە ناوچەکەدا لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە، هاوپەیمانی لەگەڵ کورد پێویستیەکی سەرەکییە

ڕێبەرایەتی ئەوکات گوتوویەتی و ئەمڕۆش دووبارەی کردووتەوە. ئەگەر کۆمەڵگا، گەل، یان حکومەتی تورکیا بیەوێت لەسەر پێی خۆی لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە، تەنیا ڕێگای مانەوەی یەکگرتوویی هەزار ساڵەیە لە گەل کورد. لە سەردەمی سەلجوقیەکانەوە هەتا ئێستا بەم شێوەیە بووە، لە سەردەمی یاووزیشدا هەروا بووە، هەمیشە بەم یەکگرتووییە لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە. کەواتە، ئەمە پرسێکە کە پێویستە بخرێتەوە ڕۆژەڤ و ئێستا گفتوگۆی لەسەر بکرێت."

دەبێت تێکۆشانمان بە‌هێزتر بکەینەوە

هێلین ئومید لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە بەپێی ڕاپرسییەکان بەشێکی بەرچاوی پێکهاتەی کورد متمانەیان بە دەوڵەت نییە و وتی: "بەڵام متمانەیان بە ڕێبەر ئاپۆ هەیە و چاوەڕوانییان لێی هەیە. لە چالاکییەکاندا دەبینرێن، دەیانەوێت بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لە پرۆسەکە نزیک ببنەوە، دەیانەوێت ١٥ی شوبات ببینن کە کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت. بەڵام متمانەیان بە دەوڵەتی تورک نییە. بۆیە ئەم پرۆسەیە دەبێت بە تێکۆشانی بەهێزترەوە بەرەو پێش بچێت."